هه‌رێمی كوردستان و ئێران رێكه‌وتنێكی دوولایه‌نه له بواری دادوه‌ری و دادگاكان تاوتوێ ده‌كه‌ن
ئه‌مڕۆ به‌ڕێز دادوه‌ر ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له حه‌سه‌ن قه‌شقاوی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و شاندێكی له‌گه‌ڵدا كه له كۆنسۆڵی ئێران له هه‌ولێر و سلێمانی و ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران پێكهاتبوون.
له دانیشتنێكدا كه به‌ڕێزان نه‌شئه‌ت ئه‌حمه‌د سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ری و ئومێد موحسن محه‌مه‌دئه‌مین وته‌بێژی ئه‌نجومه‌ن و یاسین حمد علی ملامسته‌فا راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئاماده‌ی بوون ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وێڕای به‌خێرهێنانی یاریده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و شاندی له‌گه‌ڵدا، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران په‌یوه‌ندییه‌كی دێرینه‌و مێژووییه‌و میله‌تی كورد هه‌ڵوێسته‌كانی ئێران له‌بیر ناكات كه له‌كاتی ته‌نگانه‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بوونه وهیوادارین ئه‌و په‌یوه‌ندییانه به‌رده‌وام بن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، حه‌سه‌ن قه‌شقایی، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه كۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالی رێكه‌وتنی دوولایه‌نه‌ی هه‌یه سه‌باره‌ت به هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگیه‌كانی بواری دادوه‌ریی و دادگاكان‌دا، به‌تایبه‌ت پرسی گیراو‌و به‌ندكراوه‌كان، و به هه‌مان شێوه‌ش، هیوادارن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیش په‌ره به‌و هاوكاری و په‌یوه‌ندییانه بدرێت. یاریده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی به‌هۆی به‌رفراوانبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و ئێران و به تایبه‌ت له‌ڕووی ئابوری و بازرگانیه‌وه، كێشه‌و گرفتی جۆراوجۆریش دێنه ئاراوه به‌تایبه‌ت له بواری دادوه‌ری و دادگاكان‌دا، بۆیه به هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان هه‌ردوولا ده‌كرێ رێگه له‌و كێشه‌و گرفتانه بگیرێت یانیش هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنیان بدرێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، به‌ڕێز ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر گوتی، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له هه‌موو بواره‌كان له هه‌رێمی كوردستان دروست بووه‌و به‌هۆی بوونی سنورێكی به‌رفراوانی نێوان هه‌ردوولاو گه‌شه‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه ئابوریی وبازرگانییهكان، بۆیه ئێمه‌ش پێشوازی له هه‌ر رێكه‌وتنێكی بواری دادوه‌ری و دادگاكان له نێوانمان ده‌كه‌ین كه له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولادا بێت بۆ نه‌هێشتنی كێشه‌و گرفته‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان.