ئەمڕۆ لە بەغدا، بەڕیز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بەشداری لە رێورەسمی ساڵرۆژی دادوەریی عێراق (یوم القضاء العراقي) کرد.
لەسەر بانگهێشتی بەڕێز دادوەر فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق و بە بۆنەی ساڵڕۆژی دادوەریی عێراق، شاندێکی باڵای ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و ژمارەیەک ئەندامانی دادگای پێداچونەوەی هەرێم و سەرۆکی دادگاکانی تێهەلچوونەوەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک سەردانی بەغدایان کرد و لە رێورەسمەکەدا بەشداربوون.
لە رێورەسمەکەدا چەند وتەیەک پێشکەش کران، تێیاندا ئاماژە بە پاراستنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و بەهێزکردنی رۆڵ و پێگەی ئەو دەسەڵاتە کرا. هەروەها لە پەراوێزی رێورەسمەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان چاوی کەوت بە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق. لە گفتوگۆیەکدا، گرنگیی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و هەماهەنگی و چوارچێوەی کاری هاوبەشی پێویست لە نێوانیان دووپات کرایەوە.
رۆژی بیست و سێی کانوونی دووەمی هەمووساڵێک بە رۆژی دادوەریی عێراق (یوم القضاء العراقي) دیاریکراوەو ئەمڕۆش پێنجەمین ساڵیادی ئەو رۆژە بەڕێوەچوو. لە رێورەسمەکەشدا، ژمارەیەک شاندی باڵای عەرەبی بەشدارییان کردبوو وەک دادور (سهیل عبود) سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی لوبنان و دادوەر (هنری خوری) وەزیری دادی لوبنانی و شاندێکی کۆمکاری عەرەبی بە سەرۆکایەتی باڵیۆز (عبدالرحمن سالح) یاریدەدەری ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی.
هەر لە پەراوێزی ئەو رێورەسمەدا، بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان چاوی بە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و وەزیری دادی لوبنانی کەوت کە بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکەن.