ئه‌مڕۆ 16/3/2022 به‌ڕێز دادوه‌ر عبدالجبار عزیز حسن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كه پێكهاتبوو له به‌ڕێزان د. ئۆمێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوان و د. ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان.
له سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌دا كه جێگرانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه به‌شداربوون، به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی پیرۆزبایی له سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كرد له ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی نوێیدا و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له كاره‌كانی. دواتر جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند كه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كۆڵه‌كه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی پێشكه‌وتن و به‌هێزبوونی وڵاتانه، كه ئه‌مه‌ش بێگومان به هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه واتا جێبه‌جێ كردن و یاسادانانه و له كۆتاییشدا ده‌بێته هۆی به‌هێزبوونی داموده‌زگاكانی هه‌رێم و له ئه‌نجامیشدا پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری دوای به‌خێرهێنانی گه‌رمی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان كار ده‌كات، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه هه‌یه. هه‌روه‌ها خۆشحاڵی خۆی به‌و سه‌ردانانه ده‌ربڕی و رایگه‌یاند به‌رده‌وامی ئه‌و سه‌ردانانه ده‌بێته هۆی به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كان، به‌تایبه‌ت كه له زۆر بواردا ده‌سه‌ڵاته‌كان سه‌روكاریان به یه‌كتر هه‌یه و پێویسته بناغه‌ی ئه‌و نزیكی و هه‌ماهه‌نگیه‌ش دوور له ده‌ستێوه‌ردان و له چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كان بێت نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
دواتر هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك بابه‌تی په‌یوه‌ندیداری نێوانیان كرد كه وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی دوو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری رۆژانه كۆنتاكتیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه به تایبه‌ت له دادگاكان و بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی كه دێنه پێش، ته‌ئكید له به‌رده‌وامی هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شی زیاتر كرایه‌وه. له‌و چوارچێوه‌یشدا باسی ژماره‌یه‌ك یاسا كران وه‌ك یاساكانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی و ماده هۆشبه‌ره‌كان و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چه‌ندین یاسای دیكه. له‌و باره‌یه‌وه دووپات له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌رده‌وامیدان به‌و دانیشتنانه‌و دانانی نهخشهرێگهیهكی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ریی گونجاو و پێویستی كێشه‌و گرفته‌كان كرا.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه پرسی به ئه‌لیكترۆنی كردنی داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان بوو و ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه كرایه‌وه كه پێویسته له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی جیهانی سه‌رده‌م و ته‌كنه‌لۆژیا، داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌نگاوی جیدی و پراكتیكی بۆ ئه‌و بابه‌ته بنێن كه له كۆتاییدا له خزمه‌ت شه‌فافیه‌تی زیاتر و خزمه‌تی هاووڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی و رۆتینی نێو داموده‌زگاكانه. هه‌روه‌ها هه‌نگاونان بۆ كردنه‌وه‌ی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه و گرتنه به‌ری رێكاری پێویست و دابین كردنی پێداویستیه‌كانی ئه‌و دادگایه‌ش له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه تاوتوێ كرا.
له كۆتاییشدا، هه‌ردوو لا پێداگیرییان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی دان به‌و دانیشتنانه‌و پێكهینانی تیمێكی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوولا بۆ به‌دواداچوون و چاره‌سه‌كردنی كێشه‌و گرفته‌كان كرده‌وه.