ئامادەبوانی بەرێز ...میوانە بەرێزەکان... هەموو لایەکتان بەخێر بێن بەسەر چاو.
خۆشحالم ئەمرۆ لە گەڵ ئێوەی بەرێز بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی تەلاری تازەی ئەنجومەنی دادوەری دەکەین لە هەرێمی کوردستان .
بەشداری ئەمرۆی ئێمە لێرە دووپاتکردنەوەی بایەخدانمانە بە دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان .
ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکی ترە بۆهاتنەکایەی سیستەمێکی دادوەری ، ئەمەش دەسکەوتێکی دیکەیە لەرێی کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان لە هەرێمی کوردستان . هاوکات هەوڵێکە بۆ چەسپاندنی و زیاتر پەرە پێدانی سیستەمی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا . دووساڵ بەر لەئیستا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جیدی دا وهەنگاوی پراکتیکی هاویشت بۆ دامەزراندنی دادگایەکی سەربەخۆ لە هەرێم .
بوونی ئەم تەلارە ئەمرۆ ،هێمای بایەخدان و پابەند بوونمانە بە پرەنسیپی سەروەری یاسا ، لەهەمان کاتدا نیشانەی هەوڵی بەردەواممانە بۆچاکترکردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و پێگەی یاساییمان ، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سیستەمی دادوەری هەرێمی کوردستان .
ئێمە لە حکومەتی هەرێم ، هەمیشە و بە بەردەوام پاڵپشتیمان لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کردووە ،کارکردن بۆچەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری وسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری ، واتا رێز گرتن لە مافە کانی مرۆڤ ، پابەند بوون بەیاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان .
ئێمە هەوڵمان داوە ، بەپێی پێوەرە جیهانیەکان ، زەمینەی لەبار برەخسێنین بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی دادوەری ، ئەو پێوەرانە لەپێناو خزمەتی مرۆڤایەتی وپاراستنی مافی تاك و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دارێژراوە.
ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم پابەندی ئەو پێوەرانە دەبین، بۆ دامەزراندنی سیستەمی دادوەری و دادگایەکی عادیلانە لە وڵات ، ئەوجۆرە سیستەمە دەخوازێ کەهیچ کەسێك بەپێ ی بریاری دادوەر و نەبوونی بەڵگەنامەی یاسایی لەم هەرێمەدا دەستگیر نەکرێت.
ئەو کەسە دەستگیر دەکرێ دەبێ بزانێ بۆ دەستگیر کراوە ، مافی ئەوەی پێبدرێ کە پارێزەر بۆ خۆی دابین بکات . بۆیە لێرە دەبێت بزانین پێناسە و ئەرکی سیستەمی دادوەری و دادگاکان چیە؟ ئەنجومەنی دادوەری وەك بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێم لە رێگەی دادگاکانەوە بەتایبەتی دادگای پێداچونەوە دەتوانێ بە دۆسیەی گومانلێکراو وتاوانکارو بریارو سزای دادگاکاندا بچێتەوە . بۆیە وەك ئەرکێکی یاسایی و مرۆڤانە ، ئەنجومەنی دادوەری ودادگاکان دەبێ بە ووردی چاو بەهەموو ئەو بریارانەدا بخشێنینەوە کە دەردەچن . لە سەردەمی رژیمە یەك لەدوای یەکەکانی عێراق ژمارەیەکی یەکجار زۆری رۆڵەکانی گەلەکەمان ، بونە قوربانی نەبوونی دادگایەکی دادپەروەر، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانمان بە بێ هیچ بەڵگە و هۆیەك راپێچی گرتووخانەکان دەکران و بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە رەفتاریان لەگەڵ دەکرا و هیچ کاتێك بەشێوەیەکی ئاشکرا دادگای نەدەکران.
لەعێراقی دوای دکتاتۆریەت ، پێویستە یاسا سەروە بێت و هەموو لایەکمان بەتەواوی پابەندی ماددە دەستوری و دەقە یاساییەکان بین ،نابێ هیچ کەس ولایەنێك خۆی لەسەرووی یاساو دەسەڵاتی دادوەری ببینێ لەم ووڵاتەدا.
یاسا دەتوانێ بەهانای هەموو ئەو کەسانەوە بچێت کەهەست دەکەن بەشێوەیەك لەشێوەکان مافیان پێشێل کراوە ، یان پشتگوێ خراون . بۆیە هەرچەندە زیاتر رێز لە یاساو مافی مرۆڤ و دادپەروەری بگرین ، ئەوەندە زیاتر دەتوانین دۆست و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ گەلەکەمان بە دەست بێنین .
یاسا هەموو پەیوەندیەکان لەژیانی کۆمەڵگا رێکدەخات وبنەمای یاساییەکان لەخزمەتی هەموو کەسێك دایە ، دادگای دادپەروەر بەشێوەیەکی بنەرەتی مافەکانی تاك مسۆگەر دەکات ، ئەگەر هاتوو مافی پێشێل بکرێت.
ئەمرۆ لە هەرێمی کوردستان ، دەسەڵاتی دادوەری بە تەواوەتی لە دەسەڵاتەکانی دیکە جیاکراوەتەوە و سەربەخۆیی هەیە. ئێمە وەك حکومەتی هەرێمی کوردستان ، جەخت لە سەر بێلایەنی وسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان دەکەینەوە وە کاردەکەین تا دەسەڵاتی دادوەری تەواو سەربەخۆ بێت . نابێت هیچ کەسێك و حزب و لایەنیك دەست لە کارووباری دادگاکان وەربدەن . لەبەرامبەر ئەوەشدا دەبێت دادگا سەر بەخۆیی خۆی بپارێزێت و نەکەوێتە ژێر فشاری هیچ لایەنێك و دەسەڵاتێك و حزبێك ، بۆ پاراستنی ئەو سەربەخۆیەش ، دادوەرەکان دەبێت زیاتر پشت بەدەستور و یاسا ببەستن .
پێویستە دادوەرەکانمان بوێرانە رووبەرووی ئەو ئاستەنگانە ببنەوە کە دێنە رێی چەسپاندنی دادپەروەری و سەربەخۆیی و باش بەرێوەچوونی رێرەوی دادگا . ئیمە پێویستمان بەزیاتر بەهێزبونی متمانەی نێودەوڵەتی بە ئەزموونی دیموکراسیمان هەیە . حەزدەکەم زۆر راشکاوانە بڵێم کەوا سەبارەت بەسیستەمی دادوەریمان بە بێ کەم وکوری نیە ، پێویستە ئیوەش هەوڵ بدەن بۆچاك کردنی ئەم سیستەمە لەهەموو روێکەوە بۆئەوەی بتوانین متمانەی نێودەوڵەتی بۆئەم دیموکراسیەی کە ئێمە دەستمان پێکردووە ، دابین بکەین هەوڵی پشتگیری بەردەوامی بۆ بدەین ، بەرپرس و دادوەر و پارێزەر و مافپەروەر و لێکۆڵەر ئەرکی چاکردنی ئەو سیستەمەیان لەسەر شانە.
سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری ستونێکی سەرەکی ئەو پێوەرەیە ، تاماوەیەك لەمەوبەر بەشێك بوون لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن ، بەڵام ئیستا دەسەڵاتێکی سەربەخۆن و بودجەی خۆتان هەیە و سەربەخۆیی دەستوری و یاسا زامنی سەر بەخۆیی بڕیارتانە.
ئیمە لە حکومەتی هەرێم ، رووبەرووبونەوەی زۆرمان لەبەردەم ماوە بە بۆچوونی من هیچ کام لەم رووبەرووبونەوانە لەبەهێز کردنی دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی سیستەمی دادوەریمان گرینگتر نییە بۆ ئیستای هەرێمی کوردستان ، دیارە زۆر هۆکاریش هەیە بۆ ئەم گرینگیە لەمانە:-
یەکەم:پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم هەنگاوی بەپەرۆشیان هاوێشتوە لەبوارەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی ،پاراستنی مافی مرۆڤ ، نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان ،پرسی گەندەڵی و ئاسایشی هەرێم ، ئەو هەنگاوانەمان کاریگەری نابن ئەگەر سیستەمی دادوەری و دادگاکان وەکو پێویست بەهێز و کاریگەر نەبن بۆ جێبەجێکردنی یاساکان ، بەهیچ شێوەیەك ئێمە ناتوانین بگەینە ئەو ئامانجە ئەگەر دادگاکانمان بڕیاری یاسایی و سەربەخۆیی نەدەن.
بنەما سەرەکیەکانی هەرکۆمەڵگایەکی شارستانی ، ئەوە دەخوازێت کە هاوڵاتی بزانێت و بڕوای تەواوی بەوە هەبێت کە یاسا سەروەرە و بڕوایان بەوە هەبێت کەهیچ کەس و لایەنێك لە سەررووی یاسا نییە ، بۆ ئەوەی یاساکانمان رێزیان لێ بگیرێت و جێبەجێکرێن ، پێویستە کۆمەڵگا بە دڵنییایەوە بزانێت کە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بەهێزن و پابەندن بەیاسا.
ماوەیەك لەمەو بەر بەدیمان کرد دوای دەرچونی یاسای رۆژنامەوانی بەداخەوە هێشتا دادگا و دادوەر لە سەر یاسای کۆن دەرۆیشتن کاریان پێدەکرد ، کە ئەمەش کێشەیەکی گەورەی لەگەلێك لایەن بۆدروست کردین بەبێ هیچ هۆیەك بەرپرسیاریەتی دەسەڵاتی دادوەرییە لەگەڵ دەرچونی هەریاسایەك ، یاساکە بخاتە بواری جێبەجێکردن.
دووەم:- گەشەپێدانی ئابوری لە کەرتی تایبەت ، دەخوازێت کە کرێکار و خاوەن کار ، بەڵێندەرو خاوەن کۆمپانیا متمانەی تەواویان هەبێت کە چاڵاکی و مامەلە ئابووریەکانیان رێزیان لێدەگێریت ،سامان و سەروەتیان لە رووی یاساییەوە سەلامەتی و پارێزراوە.
ئەم بنەمایە لەسەر هەردوو جۆرە چالاکی ، ناوەخۆیی و دەرەکی جێبەجێ دەبێت . هەربۆیە بوونی سیستەمێکی دادوەری جێگیرو کاریگەر و لێهاتوو ، فاکتەرێکی تەواوکەرە بۆ پەرەپێدانی ئابوریمان لە هەرێمی کوردستان .
سێ یەم:دەبێ دان بەوە دابنێن کەوا سیستەمی دادوەری و دادگاکانمان لەکاریگەری هێزە سیاسیە سەرەکیەکانمان بەدوورنین ، شاردنەوەی راستیەکان کێشەکان چارەسەر ناکات .بۆیە ئێوەش لەهەموو ئاستەکان هاوکاربن ، بۆ بەدی هێنانی ئامانجەکانمان لە دروست کردنی سەربەخۆیی ئەم دەسەڵاتە .
پێویسە بۆخۆمان بۆجیهانی دەرەوە بسەلمێنین کە بە بروای تەواوەوە لەسەر رێگای راست و بەئاراستەی دروست، بەرەو نوێ کردنەوەی دامەزراوەکانمان ، لەسەر بنەمای هاوچەرخ دەرۆین . هەرچەندە پێشتریش گوتومانە ،ئێمە بۆماوەی دەیان ساڵ لەجیهان دابڕابووین ، بەبێ پشتگیری جیهانی دەرەوە بەتەنیا مابوین ، ئەوکات نەمان دەتوانی سود لە گەشەسەندنی جیهان وەربگرین ، ئەمرۆ ئەم هاوکێشەیە گۆراوە ، خۆشحاڵین کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بایەخ بە کوردستانی عێراق دەدات ، زۆر لایەنی حکومی وکەرتی تایبەت لە سەرانسەری جیهان ، ئامادەییان پیشانداوە بۆ وەبەرهێنان و یارمەتیدانمان بۆ راهێنان و پەرەپێدانی پێویستیەکانمان ئەو بایەخە نێو دەوڵەتیە بەهەرێمەکەمان یەك ئاراستە نییە ، بەڵکو دەرفەتێکە کەتیایدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی راستەوخۆ چاودێریمان بکات.
جیهانی دیموکراسیەت و ئازادیخواز لێمان وورد دەبێتەوە ، بۆئەوەی بزانین ئایا ئێمە هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەی زیاتر بە شێوەیەکی شەفاف و کراوە کار بکەین ، کاریگەرولێهاتوو بین لە چالاکیەلانمان، ئەگەر بمانەوێت لەو هێزانە دڵنیابین لەهەڵوێست و نیازمان ، پێویستە پیشانی هەموو لایەکی بدەین کە دەسەڵاتێکی دادوەری لە هەرێم لە توانایدایە بەشیوەیەکی رەوا و کراوە و بێ لایەن ئیدارەی سیستەمی دادوەری بکات لە هەرێمی کوردستان .
دەبێ پێوەری ئێمە بۆ سەرکەوتن ناوەرۆك بێت نەك تەنها روخسار ، بۆیە پێشکەوتن و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بەندە بە پرسی دادوەری و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا نەك تەنها پێشکەو تن لەپرۆسەی ئاوەدان کردنەوە و بیناسازی و دروست کردنی بینا و شەقامی خوان.
چوارەم : لەبەرئەوەی باوەرمان بە بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی هەیە دەبێ راستگۆ بین بەرامبەر ئەو شتانەی باسی لێدەکەین ، پێویستە دەسەڵاتی دادوەری و دادگا و سیستەمی دادوەریمان زیاتر کراوە و سەربەخۆ بن . کردار و پرۆسەکانی ناو دادگا پێویستە ئاشکرا بێت و بەردەست بکرێت بۆ هەر لایەنێك کە بیەوێت بیانبینێت ، بڕیارەکانی دادگا پێویستە بە زوویی و بە شیوازی نوسراو بڵاوبکرێتەوە پێویستە لە سەر دادگاکانمان هەوڵی پتر بخەینە گەڕ بۆ روونکردنەوەی کاروچالاکی و بریارەکانیان بۆ هاوڵاتیان ، ئێمە تەنها بە کردار رێز بۆ خۆمان پەیدا دەکەین نەك بە دروشم . هەرچەندە دەزانین کاری زۆری تر دەمێنێت کە بیکەین ،بەڵام هەندێك گۆرانی بەرچاویش بەدەست هاتوون لەبوارەکانی سیستەمی دادوەری ، حەزدەکەم ئاماژە بەهەندێك لەو پەرەسەندنانە بدەم:
Ø بڕیارماندا و یاسایەکمان دەرکرد بۆ یەکخستنەوەی دادگای پێداچوونەوە کە بەرزترین دادگایە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەهێزو سەربەخۆبێت.
Ø ئێستا دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجومەنی دادوەری دروست بووە لە هەریم کە ستونی سێیەمە لە سیستەمی حکومرانی هاوتای دەسەڵاتی یاسادانان و جێ بە جێ کردن.
Ø بودجەیەکی سەربەخۆمان دابین کردووە بۆ دادگاکان بۆئەوەی بتوانین خۆیان ئیدارەی کارووباری خۆیان بکەن و زیاتر ئازادبن ، دڵنیاتان دەکەمەوە کەحکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دادگاکان ئەو توانایەیی هەیەتی هەموو پشتگیریەکی پێویست بۆ ئێوەدابین دەکات بۆ سەربەخۆیی.
Ø بە شێوەیەکی بەردەوام و کاریگەر کاردەکەین بۆ بەشداری پێکردنی بەرپرسانی بواری یاسایی و دادوەری لە خولەکانی راهێنان .
Ø تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دابین دەکەین بۆ دادگاکان تاکو لە گەڵ دامەزراوە جیهانیەکان کاربکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دادوەر و لێکۆڵەر و هەموو کارمەندانی بواری دەسەڵاتی دادوەری .
ئەو بابەتەمان لە گەڵ وڵاتی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و چەند ووڵاتێکی تر کە شارەزایی و ئەزموویان زۆرە ، باس کردووە و ئامادەین وەکو حکومەتی هەرێم بۆ چونەپێشەوە لە بەرنامەی پەرەپێدانی سیستەمی دادوەری هەماهەنگی بکەین لەگەڵ ئەم لایەنانە.
حەزدەکەم ئەو راستیە بەبیر هەموان بێنمەوە کە دادوەرەکان کۆڵەگەی سەرەکی سیستەمی دادوەریمانن ، وێڕای ئەوەی کەهەر لە دوای ڕاپەرینەوە لە بەغدا دابڕابوین و پشتگوێ خرابوین ، هەوڵمان داوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و ڕاهێنانیان ،بەڵام سەرکەوتنێکی ئەوتۆمان بەدەست نەهێناوە ، ئەویش بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی پێویست و نەبوونی هاوبەش لەگەڵمان بۆ بە دەست هێنانی ئەو ئامانجە ، بۆیە دەمەوێ جەخت لەسەر ئەم راستیە بکەمەوە کە دەبێ دادوەرەکانمان لەراهێنان و فێربوون بەردەوام بن بۆپاراستنی ئاستیان و مسۆگەرکردنی بەرەو پێشچوونیان ، ئێستا حکومەتی هەرێم دەتوانێ دەستپێشخەری بکات لەم جۆرە بەرنامانە ، پێویستە دادوەرەکانمان بەشێوەیەکی شایستە رێزیان لێبگیرێت لەناو کۆمەڵگای خۆمان ، هەموولایەك دەزانین کە دادوەرەکانمان دەسەڵاتی یاسایی لە دەستورەوە وەر دەگرن ، بەڵام دەسەڵاتی مەعنەوی لە بێ لایەنی و کاریگەری و توانای پیشەیی خۆیان وەردەگرن.
ئێمەئاگادارین کەزۆر بەرنامە هەیە لە بەغدا ، بۆ دابینکردنی راهێنان و پەرەپێدانی توانای دادوەرەکان ، گرینگە کە ئیمەش بێبەش نەبین لەو هەوڵانە ، چونکە ئەو بەرنامانە لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان ئەنجام دەدرێت دەبێ هەرێمی کوردستانیش وەك بەشێك لە عێراق بەشداربێت لە هەموو ئەو راهێنانە و پشتگوێ نەخرێت ، دەبێ دادوەران و شارەزایانی بواری دادوەری لە ئاستێکدا نەوەستن و بڵێن ئەمە دوا قۆناغی ئاستی فێربوونە ، نەخێر لە گەڵ گۆرانکاری و پێشکەوتنی ژیان پرۆسەی یاسا و شێوازی دادگایی کردن و رۆشنبیری یاسایی و دادوەری گۆرانی بە سەردادێت . جگە لەمانەش دەبێت لەقۆناغە جیاجیاکانی خوێندن ئەم بابەتە بایەخی تەواوی پێبدرێت بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی لەناو کۆمەڵ . بۆیە بەپێویستی دەزانین کە دامەزراوەیەکی پەرەپێدانی توانای دادوەری دروست بکرێت ، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە بۆدابین کردنی هەموو جۆرە پشتگیریەك بۆ ئێوەی بەرێز.
بۆزیاتر چەسپاندنی دەسەڵاتی دادوەری لە رووی پراکتیکی ، پێویستە هەماهەنگی تەواو لەنێوان دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا پەیوەندی دارەکانی حکومەتی هەرێم هەبێت ، وەك وەزارەتەکانی داد و ناو خۆ و کاروباری کۆمەڵایەتی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و دامەزراوەکانی تر ، لایەنێکی تری گرینگ ، پەرەپێدانی کۆرسەکانی خوێندنی یاسایە لەزانکۆ و کۆلێژەکانی هەرێمی کوردستان ، کەلەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجیت .
وێرای ئەمانەش دەبێ لە کۆلێژی یاسا گرینگی زۆر بەفێربوونی هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بدرێت ، ئەم هەوڵە دەبێتە هۆکارێك بۆ بەرزبونەوەی ئاستی ئەو کە سانەی لەم بوارەدا کاردەکەن ، جگە لە کۆلێژەکان دەبێ هەرلە قۆناغی ئامادەییەوە رۆشنبیری یاسایی بناسێبنن . بەداخەوە لەم رووەوە کارێکی ئەوتۆمان نەکردووە ، داوا لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکەم لە رووی دەوڵەمەند کردنی کۆرسەکانی خوێندن ئەم لایەنە گرینگە فەرامۆش نەکەن و بە پەلە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ یەکدا بکەن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.
هاو کاری و هەماهەنگی نێوان دام و دەزگا یاساییەکان ، لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ، بۆهۆشیار کردنەوەی تاك و ئاشناکردنیان بەمافە یاساییەکان ، هاندەرێکی باشە بۆکەم کردنەوەی تاوان و پێکەوە ژیان بە ئاسودەیی لە هەرێمی کوردستان . راگەیاندنیش بەشێوەیەکی گشتی دەتوانێ پاڵپشت و هاندەربێت لەپرۆسەی مسۆگەرکردنی ئەو ئامانجە.
ئەمرۆ لەبەرامبەر قۆناغێکی ناسك و مێژووی داین ، بۆ بیناکردنی دەزگاکانی کۆمەڵگه ی مەدەنی ، ئێمە لە دەسپێکی کاروانێکی دوورو درێژ داین ، بەڵام پابەند بوون و تێرروانینمان جدیە بۆسەرخستنی ئەم پرۆسەیە .
من ئەمرۆ زۆر خۆشحالم کەدەبینم پرۆسەی دروست کردن و بە هێز کردن و لێك جیاکردنەوەی دەسەڵا ت لە ماوەی ژیانی کورتی کابینەی پێنجەم دەچێتە قۆناغی نوێوە . بۆیە دووبارە پیرۆزبایی لە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و تەواوی دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێمی کوردستان دەکەم و ئومێدەوارین بتوانین لە سایەی حکومی یاسا ئەرکی خۆتان بەو پەری شەفافیەتەوە بە ئەنجام بگەیەنن . هیوای سەرکەو تنتان بۆ دەخوازم . جارێکی تریش جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتێکی سەرەکیە بۆ ئێوەی بەرێز بۆبەدی هێنانی ئەو ئامانجە.
هەرشادو سەرکەو تووبن....بەرقەراربێت یاسا و سەروەری یاسا