فه يسبووك

ناونیشانی ئەنجومەنی دادوەری

الخميس أيلول 9 2021 - 08:00
پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی ده‌كرێت


31/03/2014
1347 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌


به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان و كه‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌خشان زه‌نگه‌نه‌ به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی بالای خانمان و كوردو عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و دادوه‌رانی دادگای تایبه‌تمه‌ند به‌ توندوتیژی خێزانی و به‌رپرسانی نووسینگه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك تایبه‌ت به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ره‌وشی مافی ئافره‌تان و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی گۆڕانكاریی و پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌ندێ له‌ بڕگه‌كانی یاسای توندوتیژی خێزانی به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ خزمه‌ت ئافره‌ت و مافه‌كانی بێت سازكرا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گوتی، بابه‌تی توندوتیژی دژی ئافره‌تان، بابه‌تێكه‌ كه‌ پێویستی به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌یه‌ و تایبه‌ت نیه‌ به‌ لایه‌نێكی دیاریكراو، بۆیه‌ بێگومان كارێكی هاوبه‌شی به‌و شێوه‌یه‌ش، كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ لێره‌دا پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووتر بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی هاوبه‌ش كه‌ ئه‌ویش هه‌رچی زیاتر چه‌سپاندنی دادوه‌ریی و له‌ كۆتاییشدا كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تانه‌.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ كه‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كارێكی هاوبه‌شی سه‌ركه‌وتووانه‌ بكه‌ین، پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كی ته‌واو له‌ نێوان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكان و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی زووتر بگه‌ینه‌ ئه‌نجام و رێگه‌چاره‌سه‌ره‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی توندوتیژیی له‌به‌رامبه‌ر ئافره‌تان.
دواتر هه‌ر یه‌ك له‌ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌موكۆڕییانه‌ی كه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی توندوتیژی له‌دژی ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان دێنه‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كان هه‌روه‌ك له‌ یاساكه‌دا هاتوون به‌ڵام له‌ كاری مه‌یدانیدا بۆنه‌ته‌ كۆسپ و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ئه‌و لایه‌نانه‌، وه‌ك ئه‌و ناكۆكیه‌ی هاتۆته‌ ئاراوه‌ له‌سه‌ر كه‌یسه‌كان كه‌ ئایا ته‌نیا خێزان ده‌گرنه‌وه‌ یان ئافره‌تان و كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو توندوتیژییه‌كی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان بكرێ نه‌ك ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی خێزانی بێت . هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی پێكهاته‌ی لیژنه‌ی ئاشته‌وایی و ئه‌ركه‌كانی و زیادكردنی ستافی كاری نووسینگه‌كان وه‌ك لێكۆڵه‌ره‌وی دادوه‌ری.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و وه‌زیری ناوخۆ ئاماژه‌یان به‌ هه‌بوونی كه‌موكۆڕی له‌نێو یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی داو هه‌ردوولا بڕیاریان دا لیژنه‌یه‌ك دروست بكرێ له‌نێوان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌موكۆڕییه‌كانی نێو ئه‌و یاسایه‌ هه‌موار بكرێت و دواتر بنێردرێت بۆ په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ند كردنی ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی كه‌مكردنی كۆسپ و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م لایه‌نه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان.
له‌ كۆتاییشدا دادوه‌رانی داگاكانی تایبه‌تمه‌ند به‌ توندوتیژی خێزانی و به‌رپرسانی نوسینگه‌كانی توندوتیژی پێشنیاز و تێبینی خۆیان خسته‌ڕوو بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنی كارو ئه‌ركه‌كانیان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان به‌ شێوه‌یه‌ك به‌رده‌وامی به‌ پێشڤه‌چوونه‌كانی ئه‌و بواره‌ بدرێت كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو به‌ شێوه‌ی كاری هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌دا به‌دی هاتووه‌.


ناونیشانی ماڵپه‌ری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری:
www.krjc.iq