له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و یه‌كێتی دادوه‌ران و ژماره‌یه‌ك رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی نێوخۆیی و بیانی، باس له ژماره‌یه‌ك بابه‌تی وه‌ك سازكردنی كۆنگره‌ی دادوه‌ریی و پێداچوونه‌وه به هه‌ندێ یاساكانی هه‌رێمی كوردستان كرا.
ئه‌مڕۆ به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێز د. محه‌مه‌د عه‌بدولره‌حمان سلیڤانی سه‌رۆكی یه‌كێتی دادوه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و دادوه‌ر ئومێد موحسن عه‌بدولره‌حمان وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌گه‌ڵ به‌رپرس و نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ك رێكخراوه‌كانی نێوخۆیی و بیانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و چالاكڤانانی ئه‌و بواره له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به تێر‌و ته‌سه‌لی باس له رۆڵ و ئه‌دای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان بۆ چه‌سپاندنی یاسا‌و دادپه‌روه‌ری و ئه‌و كۆسپ و ئاسته‌نگانه‌ی دێنه به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكان و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی گونجاو بۆیان كرا. له‌و ڕووه‌وه باس له سازكردنی كۆنگره‌ی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان و پێداچونه‌وه به یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ده‌ستوری هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك یاساكانی دیكه كرا.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گوتی به‌حوكمی سروشتی كاری دادوه‌ریی به شێوه‌یه‌كه كه ره‌نگه به لایه‌نێكی داخراو ناو ببردرێت به‌ڵام به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆیه له بڕیاردان و میكانیزمی یاسایی بۆ ده‌ركردنی بڕیاره‌كان و به‌دواداچوونیان هه‌یه، بۆیه هه‌ڵسه‌نگاندنی جیاجیا‌و هه‌ندێ جار دوور له راستیی بۆی ده‌كرێت. له‌م رووه‌وه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری داوای له نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كرد رۆڵی خۆیان بگێڕن له زیاتر هۆشیار كردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه، له كار‌و ئه‌دای ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه زۆر جار ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ناراست بۆ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بكرێت و به لایه‌نی كه‌مته‌رخه‌م ناوببردرێت.
سه‌رۆكی یه‌كێتی دادوه‌ران، د. محه‌مه‌د سلیڤانی گوتی، له هه‌ر وڵاتێك ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كارا‌و سه‌ربه‌خۆ بێت، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه پێش ده‌كه‌وێت و بێگومان زۆرێك له یاساكان له هه‌رێم پێویستیان به گۆڕین یان هه‌مواركردنه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له‌وڕووه‌وه تووشی كۆسپ و ئاسته‌نگ ده‌بین له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه‌و وه‌ك به‌رزترین ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان پێویستی به هاوكاری لایه‌نه‌كانی دیكه و به تایبه‌ت رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یاساسهروهرو دادپه‌روه‌ر هه‌نگاو هه‌نگاوی جیدی بنێین
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه، به‌رپرس و نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، سه‌ره‌ڕای ده‌ستخۆشیان له‌و دیداره، هیوایان خواست ئه‌و دیدارانه به‌رده‌وام بن له‌نێوانیان بۆ رواندنه‌وه‌ی گومان و ناراستیهكان و له نزیكه‌وه گوێ گرتن له كۆسپ و ئاسته‌نگه‌كان كه ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ ئه‌و رێكخراوانه به‌رێگه‌ی خۆیانه‌وه كۆسپه‌كان بگه‌یه‌ننه لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیدار و هاووڵاتیان. دا‌واشیان كرد له‌مه‌ودوا هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش هه‌بێت له‌نێوان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، بۆ زیاتر خستنه‌ڕووی كهموكۆڕیی و كێشه‌كانی به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و كاربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك پردێكی په‌یوه‌ندی لایه‌نێكی نزیككه‌ره‌وه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه‌و خه‌ڵك و هاووڵاتیان بن. هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ش كرا كه له كوردستان ژماره‌یه‌ك یاسا هه‌ن كه له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستای هه‌رێم و عێراق ناگونجن و پێویستیان به گۆڕین یان هه‌مواركردنه‌وه هه‌یه‌و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریش خوازیار بوو به پاڵپشتی و هه‌ماهه‌نگی نێوان ده‌سه‌لاته‌كانی دیكه‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌رچی زووتر هه‌نگاوی پێویست بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر كێشه‌و ئاسته‌نگه‌كان بنرێت.