فه يسبووك

ناونیشانی ئەنجومەنی دادوەری

الخميس أيلول 9 2021 - 09:32
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌نستیتۆتی میری ته‌ئكید له‌ به‌هێزتركردنی یاساسه‌روه‌ری و رۆڵی دادگاكان ده‌كه‌نه‌وه‌


25/02/2015
676 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم و به‌رپرسی ئه‌نستیتۆی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه‌ (میری) پرۆسه‌ی به‌هێزتركردنی رۆڵی یاساو یاساسه‌روه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كرا.
ئه‌مڕۆ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی دادگاكانی تێهه‌لچوونه‌وه‌ی هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك دادوه‌رانی سه‌ر به‌و دادگایانه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رپرسی ئه‌نستیتۆی میری و شاندێكی یاوه‌ری به‌ڕێوه‌چوو. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نستیتۆی میری به‌ به‌رچاورۆشنی دانیشتنه‌كانی پێشووی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، باسی گرنگی رۆڵ و كاریگه‌ری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ پاراستنی یاساسه‌روه‌ری و دادپه‌روه‌ری له‌ كۆمه‌ڵگه‌ كرد به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌و بنه‌مایه‌ هه‌بێت هۆكارێكی گرنگ و پته‌وی پێشخستنی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی چاكسازی ده‌ست پێ بكات و سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌نجامی بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ری به‌هێز وكاریگه‌ره‌ له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بینرێ به‌ پێی قۆناغه‌كانی پێشووی دوای راپه‌ڕین تا ئێستا، ئیراده‌یه‌كی به‌هێز هه‌یه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌شنی وڵاتانی پێشكه‌وتوو هه‌نگاو بنرێت و ئه‌و گرنگیدانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش به‌و بارودۆخه‌ی ئێستای هه‌رێم، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌و رێگه‌یه‌داین كه‌ ده‌سته‌به‌ری دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌كان ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌وڕووه‌وه‌ هه‌نگاوی گرنگ بنرێن.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی دادگاكانی تێهه‌لچوونه‌وه‌ی هه‌رێم كورته‌یه‌كیان له‌باره‌ی كارو راپه‌ڕاندنی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی رۆژانه‌یان كرد له‌ دادگاكانی هه‌رێم و ئه‌وه‌یان خسته‌ڕوو كه‌ هه‌روه‌ك بنه‌مای هه‌ره‌گرنگ و سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كاركردن به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و بێ لایه‌نه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانیان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام ئه‌و رێڕه‌وه‌ به‌ره‌و پێشچووندا بێت و سه‌ره‌ڕای كه‌موكۆڕییه‌كان به‌ڵام ئه‌نجامی باشیش به‌دی هاتووه‌ و  به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو، ئێستا زه‌مینه‌یه‌كی زۆر  به‌هێزتر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ بۆ سه‌روه‌ربوونی یاساو ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی سیاسیش هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگ و داواكاریی هاووڵاتیان و شه‌قامه‌ بۆ به‌دی هێنانی ئه‌و ئامانجه‌.
هه‌روه‌ها له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌رێگه‌ی داتاشۆ، ژماره‌یه‌ك زانیاری و بابه‌تی تایبه‌ت به‌ چۆنیه‌تی پێشخستن و به‌هێزتركردنی رێڕه‌وی كاروباری دادگاكان خرانه‌ ڕوو وه‌ك كواڵێتی كاركردن و په‌ره‌پێدانی پیشه‌یی و پێشڕه‌وێتی له‌ به‌ڕێوه‌بردن، كه‌ ده‌كرێ سوودیان لێ وه‌ربگیرێت و بێگومان ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی هه‌رچی زیاتر به‌جێ گه‌یاندنی په‌یام و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌ له‌ هه‌رێم كه‌ ئه‌ویش كاركردن به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆو بێ لایه‌نانه‌یه‌ و به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رو دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردانی سیاسی و حزبی له‌ كاری دادگاكان و به‌دیهێنانی یاساسه‌روه‌ری و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان.