|
گردبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك چالاكوانی مافی مرۆڤ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری
21/04/2015
1222
جار خوێندراوه‌ته‌وه
ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی گردبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری رێكخست.
به‌شداربووانی گردبوونه‌وه‌كه سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی گواستنی دادوه‌رێك له ناوچه‌ی گه‌رمیان ناڕه‌زایه‌تی خۆیان خسته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و یاداشتێكیان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كرد.
له پێشوازیكردن له به‌شداربووانی گردبوونه‌وه‌كه‌دا، دادوه‌ر ئومێد موحسن محه‌مه‌د ئه‌مین، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری دوای وه‌رگرتنی یاداشتی رێكخه‌رانی گردبوونه‌وه‌كه، رایگه‌یاند كه‌یسی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و دادوه‌ره به‌هۆی لادان له كاری پیشه‌یی خۆی بووه به شێوه‌یه‌ك نابێ دادوه‌ر كه سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه به ئه‌ركی پۆلیس یان هێزه‌كانی ئاسایش هه‌ستێت و گوتیشی له راگه‌یاندنه‌كان ئه‌و كه‌یسه چه‌واشه‌كاری تێداكراوه‌و به ئاراسته‌یه‌كی دیكه براوه. هه‌روها وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌مه‌ڕ پرسی گرتنی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال كه بڕیاری ده‌ستگیركردنیان ده‌رچووه بێده‌نگه، گوتی، هه‌ر دوای ده‌رچوونی بڕیاری گرتنی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال كه ژماره‌یه‌كیان له هه‌رێمی كوردستانن، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گشتاندنی بۆ ئه‌و بڕیاره كرد و بۆ ته‌واوی دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان نارد، به‌ڵام ئه‌وه كاری ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردنه بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌و ئاماده‌كردنیان له‌به‌رده‌م دادگاكان، بۆیه ئه‌وه‌ی سه‌رشانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكان بووه جێبه‌جێ كراوه‌و پێویسته ئه‌و كه‌سانه له‌لایه‌نی جێبه‌جێكاره‌وه له‌به‌رده‌م دادگا ئاماده بكرێن.
هه‌روه‌ها وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری رایگه‌یاند بڕیار دراوه گشتاندنێكی دیكه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای باڵای تاوانه‌كانی به‌غدا سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال ده‌ربچێت.
|