|
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له دانیشتنی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان: پاڵپشتی ته‌واوی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی ئه‌نفالكراوان ده‌كه‌ین
05/05/2015
1437
جار خوێندراوه‌ته‌وه
له‌دانیشتنێكی نێوان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كه‌سوكارو نوێنه‌ری ئه‌نفالكراوان و ژماره‌یه‌كی زۆر له رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به بواری ئه‌نفاله‌كان پاڵپشتی و پشتیوانی ته‌واوی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بۆ داواكاریی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی ئه‌نفالكراوان دووپات كرایه‌وه.
ئه‌مڕۆ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری پێشوازی كرد له ژماره‌یه‌ك كه‌سوكارو نوێنه‌رو چالاكوانانی رێكخراوه‌كانی ئه‌نفال. سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند دادوه‌ر و دادگاكان به‌ناوی گه‌له‌وه بڕیار ده‌رده‌كه‌ن بۆیه په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌نێوان دادگا‌و هاووڵاتیه‌وه هه‌یه و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌رده‌وام هه‌وڵیداوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و متمانه‌یه به‌هێزتر و پته‌وتر بێت له‌نێوانیان. سه‌باره‌ت به پرسی ده‌ستگیركردنی ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان هه‌بووه له پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری رایگه‌یاند ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ هاتنی بڕیاری گرتنی ئه‌و كه‌سانه له به‌غداوه، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گشتاندنی بۆ ئه‌و بڕیاره كرد و بۆ ته‌واوی دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان ناردووه، به‌ڵام به داخه‌وه تا ئێستا ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیرنه‌كراون كه لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند به ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردنه نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و به‌داخه‌وه ئاراسته‌كه به‌رێگه‌یه‌ك بردراوه هه‌روه‌ك چۆن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌رپرسیار بێت، به‌ڵام به‌شێكی زۆر له به‌رپرسیارێتیه‌كه ده‌كه‌وێته سه‌ر لایه‌نی جێبه‌جێكار. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری باسی له‌وه‌ش كرد كه پێویسته سه‌باره‌ت به‌و پرسه ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم به‌دوای چاره‌سه‌ر یان میكانیزمێكی نوێ بن بۆ ئه‌و كه‌یسه، چونكه ئه‌و دادگایه‌ی كه بڕیاری ده‌ستگیركردنی ئه‌نفالچیه‌كانی ده‌ركردبوو، ئێستا له به‌غدا زۆر بچوك بۆته‌وه و هه‌روه‌ك نه‌مابێت. سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئاماده‌یه دیسان گشتاندن بۆ بڕیاره‌كه‌ی دادگای تاوانه‌كانی به‌غدا ده‌ربكات بۆ گرتنی ئه‌و كه‌سانه و رێگه‌ش به كه‌س نادرێت بازرگانی به‌و كه‌یسه بكات یان سووكایه‌تی به كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی ئه‌نفالكراوان بكات جا له هه‌ر پۆست و پله‌یه‌كدا بێت و ئه‌وه‌ی كه له دادگای گه‌رمیان روویداوه بێگومان به‌شێكی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لێك تێنه‌گیشتنێك و ئه‌و دانیشتنه‌ش بۆ مه‌به‌ستی لێك تێگه‌یشتن و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌یسه‌یه.
دواتر كه‌سوكار و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی ئه‌نفال سه‌ره‌ڕای ده‌ربڕینی خۆشحالی زۆری خۆیان به‌و دانیشتنه رایانگه‌یاند ئه‌و دانیشتنه ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌گه‌ڵ داواكاریی ئه‌وانه‌و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌و بڕوا‌و متمانه‌یه دوولایه‌نه‌ی نێوانیانه. د. فه‌رهاد حاته‌م كه وه‌ك نوێنه‌رێكی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان ئاماده ببوو گوتی تێك نه‌گه‌یشتنێكی یاسایی له‌و بابه‌ته هه‌یه له‌نێوان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و ئه‌گه‌ر به‌رپرسیارێتی ئه‌و كه‌یسه دابه‌ش بكه‌ین ئه‌وه به‌شێكی كه‌می به‌رپرسیارێتیه‌كه به‌ر به ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌كه‌وێت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان وه‌ك چاو‌دێر به‌سه‌ر حكومه‌ت ئه‌ركی زۆریان هه‌یه له كه‌یسی گرتنی تاوانبارانی ئه‌نفال بۆیه ئه‌مه ئه‌ركێكی هاوبه‌شه و ته‌نیا له ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نیه به‌ڵام پێویسته له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له به‌دواداچوونی بۆ ئه‌م كه‌یسه به‌رده‌وام بێت و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه بیر له میكانیزمی نوێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌یسی دادگایی كردنی ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له ئه‌نفال هه‌بووه بكاته‌وه. له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه، كه‌سوكاری ئه‌نفال به تێر‌و ته‌سه‌ل داواكاریی و ره‌خنه‌و تێبینیه‌كانی خۆیان گه‌یانده سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و یاداشتێكیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كرد كه چه‌ندین داواكاریی تێدا ئاراسته كرابوو و داوایان كرد ئه‌و دانیشتنانه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌وان به‌رده‌وام بێت.
له كۆتاییدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گوتی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی دانیشتنه‌كه پشتگیریكردن له‌داواكاری كه‌سوكاری ئه‌نفال و گه‌یشتن به چارسه‌ریی پێویست و نه‌هێشتنی لێك تێنه‌گه‌یشتنه‌كانه بۆیه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته دانیشتنی تایبه‌ت له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئه‌نجام ده‌درێت و رێوشوێنی به‌په‌له‌و پێویست و گونجاو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌گیرێته به‌ر و ئه‌وه‌ی بكرێت بۆ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی ئه‌نفالكراوان درێغی لێ ناكه‌ین.
|