ئەمڕۆ بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان پیشوازی کرد لە دێڤید هانت کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری.
لە دانیشتنێکدا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری سوپاسی کۆنسوڵی گشتی بەریتانیای کرد بۆ بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری بەتایبەت کە لە رابردوودا چەندین خولی بەهێزکردن و راهێنان لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی تیرۆر و چوارچێوە یاساییەکانی تایبەت بەو کەیسانە بۆ ژماەیەک دادوەر و ئەندامی داواکاری گشتی و لێکۆڵەرەوەی دادوەری کرانەوەو سودیان لەو خولانە بینیوە.

هەروەها داوشی کرد ئەو جۆرە خولە تایبەتانە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزمونی پێشکەوتووی بەریتانیا وەربگرێت.
دواتر کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا، وێڕای خۆشحاڵی خۆی بەو دیدارە، سوپاسی ئەنجومەنی دادوەری کرد بۆ بەردەوامیی هەماهەنگی لەگەڵ کۆنسوڵخانەی بەریتانیا و رایگەیاند بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارێکدا هاوبەشی یەکترن و پەیوەندییەکی دێرینە لەنێوانیاندا هەیە و لە زۆر بواردا بە تایبەت شەڕی دژی تیرۆر لەیەک بەرەی هاوپەیمانێتدان، بۆیە ئەوان بە خۆشحاڵیەوە بەردەوام دەبن لەو هاوکاری و هەماهەنگیەی نێوانیان.
هەروەها لە تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەدا کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا بە فەرمی داوای ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری کرد بۆ ئەوەی سەردانی بەریتانیا بکات بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە شێواز و میکانیزمی کاری دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان لە بەریتانیا و ئەو بوارانەی کە بەریتانیا دەتوانێت یارمەتی هەرێمی کوردستان بدات. لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بە خۆشحاڵیەوە بانگێشتەکەی کۆنسوڵی بەریتانیای قبوڵکرد بۆ ئەوەی لە کاتێکی نزیک و دیاریکراودا بە شاندێک سەردانی ئەو وڵاتەبکەن.