|
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری پێشوازی كرد له كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا له هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری
15/03/2022
628
جار خوێندراوه‌ته‌وه
ئه‌مڕۆ به‌ڕێز دادوه‌ر عبدالجبار عزیز حسن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان دادوه‌ر سامح عوسمان و د. دارا محه‌مه‌د ئیبراهیم ئه‌ندامانی دادگای پێداچونه‌وه‌ی هه‌رێم پێشوازی كرد له رۆبه‌رت پاڵه‌دینۆ كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا له هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری.
له دانیشتنێكدا كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا پیرۆزبایی له سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ست به‌كار بوونی له ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی نوێ‌دا و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست. كۆنسوڵی ئه‌مریكا تیشكی خسته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مریكاو گوتی وڵاته‌كه‌ی به گرنگی و بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و به‌ره‌و پێشبردنیان.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكاو هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیی مێژینه‌ن و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به خۆشحاڵیه‌وه ئاماده‌یی هه‌موو هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌تایبه‌ت له‌و بوارانه‌ی كه په‌یوه‌ندیدارن له‌نێوان هه‌ردوولا. دواتر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه له گفتوگۆیه‌كی كراوه‌دا وه‌ڵامی ژماره‌یه‌ك پرسیار و تێبینیه‌كانی شاندی كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكای دایه‌وه كه تایبه‌ت بوون به كاری رۆژانه‌ی دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و یاسایانه‌ی كه له دادگاكانی كوردستان كاریان پێ ده‌كرێت. سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری رایگه‌یاند له هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك یاسا ده‌رچوونه وه‌ك یاسای كاری رۆژنامه‌نووسی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی و پاراستنی پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ژماره‌یه‌ك یاسای دیكه كه له خزمه‌ت بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و پاراستنیانه به تایبه‌ت له هه‌رێمی كوردستان كه شوێنێكی سه‌ركه‌وتووی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌یه. له‌وچوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گوتی كه ئجومه‌نی دادوه‌ری خوازیاری ئه‌وه‌یه كه سوود له شاره‌زایی و پسپۆڕی وڵاتانی وه‌ك ئه‌مریكا وه‌رگرێت. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه شاندی كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند به خۆشحاڵیه‌وه حه‌ز ده‌كه‌ن كه هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نزیك له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن ئه‌ویش به مه‌به‌ستی به‌ره‌و پێشبردنی زیاتری ئه‌و بواره و گه‌شه‌پێدانی زیاتری ئه‌و یاسایانه‌ی كه تایبه‌تن به پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی راده‌ربڕین و مافی ئافره‌ت و پاراستنی خێزان له توندوتیژی. سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریش دووپاتی كرده‌وه ئه‌وان به‌خۆشحاڵیه‌وه ئاماده‌ن بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه به تایبه‌ت له بواری یاسایی و كاروباری دادگاكان كه له كۆتاییدا له خزمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان و چه‌سپاندن و سه‌روه‌ریی یاسایه و له كۆتاییشدا هه‌ردوولا هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری زیاتر و به‌رده‌وامیدان به‌و دیدار و سه‌ردانانه دووپات كرده‌وه.
|