|
دادوەریی سەربەخۆ زامنی دیموکراسییە/
28/11/2012
2926
جار خوێندراوهتهوه
دکتۆر محەمەد عەبدولرەحمان سلیفانی – ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان
بەروار : 10/4/2011
{ دادوەریی سەربەخۆ زامنی دیموکراسییە}
خودا دەفەرموی ( يا داود إنا جعلناك خليفة في الأرض فأحكم بين الناس بالحق و لاتتبع الهوى فيضلك عن سبيل الله).
سەربەخۆیی دادوەری واتا دەستێوەرنەدان لە کاروباری دادوەری بەهیچ شێوەیەك و پێویستە لەسەر دادوەر بۆهیچ کەسێك دانەنوێنێ ، تەنها بۆ حوکمەکانی یاسا نەبێ ، چونکە دادوەری ناسەربەخۆ ناتوانێت هەق بەدی بێنێت و مافی مافخوراو بدات.
هەر بۆیە لە دادوەری سەربەخۆدا ، هەردوو دەسەلأتی یاسادانان (تشریعی) و جێ بەجێکاری (تنفیژی) تەنانەت سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریش ، ناتوانێت دەست لەکاروباری دادوەر وەربدەن و کاری تێ بکەن لە کاتی چاو خشاندن بەهەر سکاڵایەك یان دەرکردنی هەر بریارێك ، بەلام رێگەی تانە لێدانی تایبەت هەیە کە لەلایەن یاساکانەوە دارێژراوە بۆ چۆنیەتی تانەلێدان لەو بڕیارو حوکمانەی کە دادوەردەیدات .دوو جۆرە سەربەخۆ بوون هەیە، سەربەخۆیی دامەزراوەیی و سەربەخۆیی دادوەر لە بڕ یارەکانی ، سەربەخۆیی دامەزراوەیی مانای ئەوەیە کە دەسەلأتی دادوەریی وەکو دامەزراوەیەکی دادوەریی سەربەخۆبێت لە دەسەلاتەکانی تری یاسادانان و جێبەجێکاری ، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی خۆی سەرپەرشتیاری کارە کارگێری و رێکخەریەکانی بکات و میلاکی دیاری بکات و بودجەو پلانی بۆئامادە بکات و هەرخۆی چاودێری دامەزراندن و پلەبەندییەکان بکات ....هتد . هەروەها دادگای پێداچوونەوە بەرزترین دەستەی دادوەرییە ، کە رۆڵی چاودێری دادوەری دەگێرێت لەسەر سەرجەم دادگاکان و ئەو دادگایانەی تر کە بۆیان هەیە تانە وەربگرن وەکو دادگاکانی تێهەڵچوونەوە (إستئناف) و تاوان ...هتد.
لەگەڵ ئەەوی دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکاری ، ئەمەش بە پشت بەستن بە بنەمای جیاکاری لە نێوان دەسەڵاتەکان، بەڵام ئەمە مانای وانییە کە دژی ئەم دەسەڵاتەیە ، بەڵام هەریەك لەدەسەڵاتەکان دەست ناخەنە کاری دەسەڵاتەکەی ترو هەهاهەنگی لەگەڵ یەکتری دەکەن بەمەبەستی بەرێوەبردنی وڵات بەشێوەیەك لەگەڵ بەرژەوەندی باڵای وڵات بگونجێت . بەڵام دەسەڵاتی دادوەریی دەسەڵاتێکی گرینگە ، کە پێویستە ئەدای نایاب بێت و سەربەخۆبوونی ئەم دەسەڵاتە زامنی ماف وئازادییەکان بکات و ببێتە سیفەتێکی سەرەکی بۆسەروەری یاسا . پێشتر دادوەریی لەعێراق و هەرێمی کوردستان لە رووی کارگێریەوە سەربە وەزارەتی داد بوو، بەڵام لە دوای ئازادی عێراق لە ساڵی2003 پێشکەوتنێك هاتەدی ، ئەویش بنەمای جیاکاری بوو لە نێوان دەسەڵاتەکان بەپێی حوکمەکانی یاسای بەرێوەبردنی دەوڵەتی عێراق ، دواتر بەپێی حکومەکانی دەستوری عێراق لە ساڵی 2005، هەروەها لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2007دەرچوو، کە ئەویش یاسای دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستانە ، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لە سەر درا،بڕیاری دووەمیش سەربەخۆبوونی دادوەرە لەبڕیارەکانی کە ئەمەش بڕیارێکی گرینگە ، هەرچەندە پێشتریش بەر لە دەرچوونی بڕیاری یاسای دەسەڵاتی دادوەریی ، دادوەر سەربەخۆ بوو لەبڕیارەکانی ،ئەم هەڵوێستەش جێی شانازییە بۆ دادوەر لەگەڵ ئەوەی ئەم شتە ئەرکی سەرشانی خۆیانە و پێویستە لە سەریان لە سەر هەق لە هیچ شتێك سڵ نەکەنەوە ، شەریعەتی ئیسلامیش دووپات لەسەر ئەوە دەکاتەوە ، هەروەها پێغەمبەر (د.خ) و خەلیفەکانی دوای ئەو عومەرو عەلی (خوا لێیان رازی بێت ) فەرمانیان بە دادوەرەکان کردووە کە هەق بەدی بێنن و دادپەروەری بەرپا بکەن هەرگیز لەرێگەی راست دەرنەچن ، هەروەها لەسەردەمی نوێدا وڵاتانی رۆژئاوا بەرلە ووڵاتانی رۆژهەڵات دەستپێشخەر بوونە لەم بوارەدا ، گەورەترین سەردەم لە بەریتانیا و دەستوری ئەمریکی و دەستورەکانی وڵاتانی رۆژئاوا هەموویان دووپاتیان لەسەر ئەمە کردۆتەوە ، هەروەها دەستورەکانی وڵاتانی عەرەبی . بەهەمان شێوە بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی ساڵی 1948و ماددەی 16ی بنەماکانی مافی مرۆڤ کە کۆمەڵەی نیشتمانی فەرەنسی بانگەشەی بۆدەکرد و بریارەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە ئیسلام کە لە لایەن ئەنجومەنی ئیسلامی نێودەوڵەتییەوە لە ساڵی 1981دەرچووە ، هەروەها بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان 40/32لە 29ی نۆفەمبەری 1985و 40/136لە 13ی دیسەمبەری 1985و رێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکان...هتد هەموو ئەمانە دووپات لەسەر سەربەخۆبوونی دادوەریی دەکەنەوە .
بۆ پارێزگاری کردن لە سەربەخۆبوونی دادوەریی و چاکسازی کردن تێیدا چەندین دەقی یاسایی هەیە کە رێگە بە ئەندامبوونی دادوەر نادەن لە هیچ پارتێکی سیاسی و هەروەها رێگە پێنادەن هیچ سکاڵانامەیەکی خزم وکەس و بریکارو هاورێ و ناکۆك و ماڵ ومنداڵ و هاوسەر و خاوەن بەرژەوەندی خۆی وەربگرێ .
بەڵام عیبرەت لە جێبەجێکردنی ئەمانەیە ، دەقی یاساییش بە تەنها بەس نیە . هەربۆیە بۆ جێگیرکردنی بنەمای سەربەخۆبوونی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان ، پێویستمان بەمانەی خوارەوەیە:-
• دامەزراندنی دادوەرانی لێهاتوو و بێ لایەن ودوور لە دەستێوەردانی سیاسی ، ئیلیزابێس تیکۆن وەزیری دادی فەرەنسی لەساڵی 1998گووتی ، دەستێوەردانی سیاسی متمانەی هاووڵاتیانی بە دەسەڵاتی دادوەریی لاوازکرد.
• رێزگرتن لە حکومەکانی دادوەریی و پابەندبوونی دەسەڵاتەکانی هەرێم بەجێبەجێکردنیان.
• پێویستە لە سەر دادوەر چاونەترس بێت لە دەرکردنی حوکمەکان و بەیەکسانی حوکم بکات ، بەبێ کاریگەری هیچ کەسێك پارێزگاری لەهەیبەتی خۆی بکات و دووربکەوێتەوە لەهەرشتێك کەجێی گومانە.
• پێویستە لە سەر دادوەر زانیاری تەواوی لە سەر بنەماکانی مافی مرۆڤ هەبێت و هیچ کەسێك بەگرتن نەدات بەبێ بەڵگەی باوەرپێکراو ،پەلە نەکات لە دەرکردنی بریارەکانی تاهەموو لایەنەکانی سکاڵانامەکە نەخوێنێتەوە و لەسەرجەم لایەنەکاندا بەیەکسانی لەنێوان هاووڵاتیان حوکم بکات وئەوەی لە یادبێ کە مافی بەرگریکردن موقەدەسە.
• بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاسایی لەنێوان هاووڵاتیان.
• دامەزراندنی سیستەمێك بۆپۆلیسی دادوەریی ، کە سەر بە ئەنجومەنی دادوەریی بێت ، بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکم و بڕیارەکان.
• چاودێری دادوەریی لەسەر هەڵبژاردنەکان ، چونکە کۆمسیۆنەکان لە توانایاندا نیە پارێزگاری لە بێ لایەنی خۆیان بکەن ،هەروەها کەمکردنەوەی ئەو خەرجییەی کە کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن سەرف دەکرێت .
• کەمکردنەوەی راڤەکان (حصانه) و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بابەتە یاساییانەی کەدەبنە رێگر لەبەردەم کاری دادگاکان لەبەردەم پەرلەمانی کوردستانەوە.
• بایەخدان بەبژێوی ئابووری دادوەران و کارمەندانی دادگا .
• پاڵپشتی کردن لە نوسینگەکانی دادوەران بەدابینکردنی دەق و سەرچاوەی یاسایی.
• دوورنەخستنەوەی دادوەران ، تەنها لەحاڵەتی ئەنجامدانی تاوان نەبێت .
لە کۆتایشدا هیوای خێر بۆدادوەرانی کوردستان دەخوازم و بە دادوەرەکانی کوردستان دەلێم کە بەردەوام بن لەسەر ئەو رێگەیەی کە گرتووتانەبەر لەپێناو بەدی هێنانی یەکسانی و چەسپاندنی حوکمی یاسا وگەراندنەوەی مافی مافخوراو و، لەهیچ شتێك سڵ مەکەنەوە لەپێناو هەق دا ، ئەمەش تاکە رێگەیە بۆپێشکەوتنی وڵات و بەدیهێنانی هەق و گەراندنەوەی مافی بێ دەسەڵاتان و پارێزگاری کردن لەدیموکراسی .
دکتۆر
محەمەد عەبدولرەحمان سلیفانی
ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان
|