|
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم: خولێكی دیكه‌ی تاقیكردنه‌وه بۆ دامه‌زراندنی دادوه‌ر به‌ڕێوه‌چوو
14/06/2013
1696
جار خوێندراوه‌ته‌وه
له‌چوارچێوه‌ی دابین كردنی پێوه‌رێكی زانستی و پسپۆڕیی و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان ، بۆ دامه‌زراندنی دادوه‌ر له دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان، خولێكی دیكه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی و پسپۆڕیی یاسایی، بۆ دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌ك دادوه‌ری نوێ به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌مڕۆ له هۆڵی گشتی كۆلیژی یاسا‌و رامیاری زانكۆی سه‌لاحه‌دین له هه‌ولێر و به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه و سه‌رۆكی دادگاكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و كه‌ركوك و گه‌رمیان، تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی و پسپۆڕیی یاسایی، بۆ 295 كه‌س له پارێزه‌ر و مافپه‌روه‌رو لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی دادی و فه‌رمانبه‌رانی سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم و وه‌زاره‌تی داد و فه‌رمانگه یاساییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌مه‌ش دووه‌مین خولی تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی و پسپۆڕیی، فه‌رمانبه‌رانی یاسایی سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و وه‌زاره‌تی داد‌و فه‌رمانگه یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و له‌چوارچێوه‌ی لێهاتوویی و پسپۆڕی بواری یاسایی، دادوه‌ر داده‌مه‌زرێت بۆ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ پڕكردنی ئه‌و پێویستی و بۆشاییه‌ی كه له‌و پۆسته‌دا هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها دوای ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه و ده‌رچوونی ژماره‌یه‌ك له‌نێو به‌شداربوواندا، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی زاره‌كی ئه‌نجام ده‌درێت و دواتر به پێی پێویستی ئه‌و بواره، وه‌ك دادوه‌ر له ته‌واوی دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌كار ده‌بن.
|