|
ژمارەیەك ئەندامی نوێی دادگای تەمیز لەبەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاساییان خوارد
12/01/2014
1712
جار خوێندراوهتهوه
ئەمڕۆ یەكشەممە 12/1/2014 لە سەلاحەددین لەبەردەم بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی حاكم ئەحمەد عەبدوڵڵا زوبێر سەرۆكی ئەنجوومەنی داوەری هەرێمی كوردستان مەراسیمی سوێند خواردنی یاسایی ژمارەیەك ئەندامی نوێی دادگای تەمیزی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
دوای ئەوەی بە فەرمانێكی هەرێمی و لەسەر پێشنیاری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان بڕیاری بوون بە ئەندامی دادگایی تەمیزی هەرێمی كوردستانیان بۆ دەرچوو، هەریەكە لە بەڕێزان، عەبدوڵڵا عەلی ئەحمەد شەرەفانی، عەلی ئەحمەد ئیبراهیم، عەلی عەوڵڵا ئەحمەد و، سەروەر زرار رەشید، بەپێی بڕگەی 3 لە مادەی 36ی یاسای دەسەڵاتی داوەری لە هەرێمی كوردستان ژمارە 23ـی ساڵی 2007 سوێندی یاساییان لەبەردەم بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خوارد.
لەم مەراسیمەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی ئەندامە تازەكانی دادگەی تەمیز كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن لە پێناو چەسپاندنی بنەماكانی سەروەریی یاسا و دادپەروەری لە كۆمەڵگا. هەر لەم مەراسیمەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا جەختی لەسەر سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگەكان كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە یەكەم مەرجی سەركەوتنی وڵاتێك بوونی دادگەی سەربەخۆیە و پاڵپشتیی خۆیشی بۆ دامودەزگەی دادوەریی دووپاتكردەوە لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری لە كوردستاندا و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك پشتگیریی تەواوی دادگەكان بكەن و دادگەكان بێ ترس و بە سەربەخۆیی تەواو لە كارەكانیان بەردەوام بن و نابێ هیچ كاریگەرییەكی كولتووری ڕژێمی پێشوو لەسەر دەستەڵاتی دادوەری هەبێت.
|