|
رێوره‌سمی چله‌ی ماته‌مینی خوالێخۆشبێت دادوه‌ر( حه‌سه‌ن ره‌مه‌زان حه‌سه‌ن) به‌ڕێوه‌چوو
02/03/2014
1478
جار خوێندراوه‌ته‌وه
به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان و شێروان حه‌یده‌ری وه‌زیری دادی حكومه‌تی هه‌رێم و د. محه‌مه‌د سلیڤانی سه‌رۆكی یه‌كێتی دادوه‌رانی هه‌رێم وئه‌ندامانی دادگای پێداچونه‌وه‌و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و دادوه‌ر و داواكارانی گشتی و كه‌سوكاری خوالێخۆشبێت دادوه‌ر (حه‌سه‌ن ره‌مه‌زان حه‌سه‌ن) رێوره‌سمی چله‌ی ماته‌مینی خوالێخۆشبێت دادوه‌ر (حه‌سه‌ن ره‌مه‌زان حه‌سه‌ن) به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌كه به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له قورئانی پیرۆز ده‌ستپێكرد و دواتر به‌ڕێز دادوه‌ر ئومێد موحسن حه‌مه‌ده‌مین وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی دادوه‌رانی هه‌رێم وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد. له وته‌كه‌یدا به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و یه‌كێتی دادوه‌ران به‌خێرهاتنی میوان و كه‌سوكاری خوالێخۆشبێت كرا. هه‌روه‌ها له وته‌كه‌یدا گوتی، لێره‌دا كۆبوینه‌وه بۆ یادكردنه‌وه‌ی مرۆڤێك كه ته‌واوی ژیانی خۆی ته‌رخان كردبوو بۆ به‌دی هێنانی دادپه‌روه‌ری و سه‌روه‌ری یاسا له نێو كۆمه‌ڵگا و له‌و شوێنانه‌ی كاری تێدا كردووه. هه‌روه‌ها له وته‌ی یه‌كێتی دادوه‌رانی كوردستان هاتووه خوالێخۆشبوو هه‌رده‌م جێی شانازی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ده‌زگاكانی دادپه‌روه‌ری كوردستان بوو و جێگه‌ی خۆیه هه‌میشه ستایشی رۆڵی ماندونه‌ناسی دادوه‌ره به‌ڕیزه‌كان بكرێ كه له دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن یان له ده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی داد یان ئه‌و دادوه‌رانه‌ی كه ته‌مه‌نێكی دوور ودرێژیان له خزمه‌ت كردنی دادپه‌روه‌ری به‌رێ كردووه ئێستا خانه‌نشین كراون. ئێمه له یه‌كێتی دادوه‌ران به ئه‌ركی خۆمان ده‌زانین كه هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی كاروباری دادوه‌ره به‌ڕێزه‌كان بكه‌ین و به‌و بۆنه‌یه‌وه سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی خوالێخۆشبێت حه‌سه‌ن ره‌مه‌زان ده‌كه‌ین.
دواتر كورته‌یه‌ك له ژیاننامه‌ی خوالێخۆشبێت دادوه‌ر حه‌سه‌ن ره‌مه‌زان خوێنرایه‌وه و وێستگه‌كانی ئه‌و مرۆڤه دادپه‌روه‌ر و خه‌باتگێره كوردپه‌روه‌رو نیشتمانپه‌روه‌ره خوێنرایه‌وه كه چۆن له ژیانیدا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هه‌وڵدان بۆ خه‌باتی زانستی، خه‌باتی بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌و له ریزی یه‌كێتی قوتابیان له حه‌فتاكان له‌پێناو پێشخستنی كاروانی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی كاری كردووه‌و به‌رپرسیارێتی هه‌بووه‌و دواتر به‌هۆی خه‌باتی كوردایه‌تی له‌گه‌ڵ كاروانی شۆڕشگێری ئاواره‌ی ئێران بوونه‌و ژیانی سه‌ختی ئاواره‌یی و دووره وڵاتی تێپه‌راندووه‌و دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه عێراق به‌ڵام به‌هۆی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی بۆ باشور عیراق ده‌گوازرێته‌وه‌و دواتر له به‌غدا به‌رده‌وامی به خوێندن ده‌دات و له كۆلیژی یاسا وه‌رده‌گیرێت و له ساڵی 1980 بڕوانامه‌ی به‌كالۆریوس به‌ده‌ست دێنێت. له ساڵی 1982 به یاریده‌ده‌ری دادوه‌ری له دادگای هه‌ولێر داده‌مه‌زرێ و پاشان ده‌بێته لێكۆله‌وه‌ره‌ی دادی. له ساڵی 1991 خوالێخۆشبێت له په‌یمانگه‌ی دادوه‌ری به پله‌ی زۆرباش ده‌رده‌چێ و له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سوێندی یاسایی ده‌خوات و ده‌بێته دادوه‌ر له دادگای به‌رایی شه‌قلاوه بۆ ماوه‌ی 11 ساڵ. له ئه‌ركی دادوه‌ریدا خوالێخۆشبێت نمونه‌ی دادپه‌روه‌ری و سه‌روه‌ری یاسا‌و پارێزه‌ری مافی هاووڵاتیان بوو.
له ساڵی 2004 خوالێخۆشبَت ده‌بێته جێگری سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێر و پاشان ده‌بێته دادوه‌ری دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر.
پاش دامه‌زراندنی دادگای بالای تاوانه‌كانی عێراق له ساڵی 2004 هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ئه‌ركی پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كورد و خانه‌واده‌ی ئه‌نفالكراوه‌كان وایكرد كه خوالێخۆشبێت خۆبه‌خشانه بچێته ریزی ئه‌م دادگایه و رۆڵێكی چالاكی هه‌بوو له لێكۆڵینه‌وه‌و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتی كه‌یسی جینۆساید‌و ئه‌نفالكردنی كورد، كه له دادگایی كردنی دیكتاتۆری عێراق سودی لێ وه‌رگیرا. پاش ته‌واو بوونی ئه‌رك و كاره‌كانی ئه‌م دادگایه خوالێخۆشبێت خانه‌نشین ده‌كرێ و بڕیار ده‌دات پاش ئه‌و هه‌موو ماندووبوونه له‌مه‌و پاش ژیان له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی به‌سه‌ر ببات.
به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و ژیانه ئارام و ئاسوده‌یه‌ی كه دادوه‌ر حه‌سه‌ن ره‌مه‌زان ده‌یخواست زۆری نه‌كێشاو له شه‌وی 21/22 یه‌كی دووهه‌زارو چوارده له ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا و له ئه‌نجامی جه‌لته‌ی دڵ ماڵئاوایی له دونیا‌و كه‌سوكارو دۆست و خۆشه‌ویستانی كرد.
دواتر چه‌ندین وێستگه‌ی ژیانی خوالێخۆشبێت كه بێجگه له بواری دادوه‌ری له بواری هونه‌ر و وه‌رزش ده‌ستی باڵای تێدا هه‌بوو به وێنه نمایش كرا و چه‌ندین یاده‌وه‌ری دۆست و هه‌ڤاڵه‌كانی خوالێخۆشبێت بۆ ئاماده‌بووان وه‌بیرهێنرایه‌وه كه ده‌ربڕین بوو له‌و په‌ڕی ماندونه‌ناسی و دڵسۆزی و ئه‌مه‌كی خوالێخۆشبێت له ژیانیدا و دواتر وته‌ی كه‌سوكارو ماڵباتی خوالێخۆشبێت له‌لایه‌ن كوڕه‌كه‌ی خوێنرایه‌وه تێدا سوپاسی سازكردنی ئه‌و رێوره‌سمه كرا.
|