|
دانیشتنی سێیه‌می ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بۆ پێشخستنی سیسته‌می دادوه‌ری له هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو
26/05/2014
1499
جار خوێندراوه‌ته‌وه
له به‌رده‌وامی زنجیره دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ داموده‌زگاو رێكخراو‌و لایه‌نه جیاجیاكانی هه‌رێم، كه به‌مه‌به‌ستی پێشخستنی سیسته‌می دادوه‌ری له هه‌رێم رێكخراوه، ئه‌مڕۆ دانیشتنێك له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و مافی مرۆڤ به‌ڕێوه‌چوو.
دوای ئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم و یه‌كێتی دادوه‌رانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك رێكخراوه‌كانی بواری مافی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بڕیار درا كه هه‌نگاو بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بنرێت، زنجیره دانیشتنێك له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و یه‌كێتی دادوه‌ران و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی رێكخران و له‌و چوارچێوه‌یه دانیشتنی یه‌كه‌م و دووه‌م تایبه‌ت بوو به دادوه‌ران و داواكارانی گشتی و دانیشتنی سێیه‌میش كه ئه‌مڕۆ سازكرا له‌گه‌ڵ به‌رپرس و نوێنه‌رانی رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و بواری مافی مرۆڤ بوو.
له‌و دانیشتنه‌دا كه ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده بوون، هه‌ر یه‌ك له به‌شدار بووانی دانیشتنه‌كه به وردی و تێر‌و ته‌سه‌لی باسی له چۆنیه‌تی باشتركردن و پێشخستنی سیسته‌می دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان كرد و ئه‌و كه‌موكۆڕی و ئاسته‌نگانه‌ی كه هه‌ن یان دێنه به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری خسته‌ڕوو و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردن و نه‌هێشتنی ئه‌و كه‌موكۆڕییانه‌ش خاڵێكی دیكه‌ی گفتوگۆی لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی دانیشتنه‌كه بوو.
هه‌روه‌ها له دانیشتنی ئه‌مڕۆش به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه مه‌به‌ست له باشتر كردنی سیسته‌می دادوه‌ری، بێگومان ئامانجێكی گه‌وره‌ی له‌پێشه ئه‌ویش به‌رقه‌راركردنی زیاتری دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه كه ئامانجی هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كه له جیهان و هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو به‌رێگه‌ی دابینكردنی دادپه‌روه‌ری و له ئه‌نجامیشدا ئاشتی كۆمه‌لایه‌تی گه‌یشتۆته ئاستی گه‌شه‌پێدان و پێشكه‌وتنی به‌رده‌وام.
هه‌روه‌ها له‌و دانیشتنه‌ش چه‌شنی دانیشتنه‌كانی پێشوو، پێداگیری له‌سه‌ر گۆڕین و هه‌مواركردنی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ژماره‌یه‌ك یاساكانی دیكه كرایه‌وه به شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كات و سه‌رده‌می ئێستادا بگونجێت، چونكه ژماره‌یه‌كی زۆر یاسا هه‌ن كه بۆ قۆناغێك دانراون و هاوشان له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان ئه‌و یاسایانه نه‌گۆڕدراون، بۆیه پێویسته به پێی قۆناغ و كاتی ئێستا یاساكانیش هاوته‌ریب بن له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه.
له‌وڕووه‌وه رۆڵی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش باس و گفتوگۆیه‌كی تێر‌و ته‌سه‌لی لێوه‌كرا وه‌ك لایه‌نێكی چاودێری كردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان و داموده‌زگاكانی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك به شێوه‌یه‌ك كه به ئاراسته‌و ئامانجی باشتر كردنی رێره‌وی كاركردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگایانه بێت و به هه‌ماهه‌نگی و كرانه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و رێكخراوانه به‌ره‌وڕووی ده‌سه‌ڵاته‌كان به تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و به شێوه‌ی كاری پێكه‌وه‌یی رۆڵیان هه‌بێت له به‌ره‌وپێشبردنی رۆڵ و ئه‌دای ده‌سه‌لاته‌كان و له ئه‌نجامدا دابین كردنی دادپه‌روه‌ری و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی.
|