|
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، باسی هه‌ماهه‌نگی و نزیككبوونه‌وه‌ی زیاتر ده‌كه‌ن
20/01/2015
1150
جار خوێندراوه‌ته‌وه
ئه‌مڕۆ به‌ڕێز دادوه‌ر ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری پێشوازی كرد له به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كه له ژماره‌یه‌ك وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم پێكهاتبوو.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ژماره‌یه‌ك دادوه‌رو ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه‌و وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌نجومه‌ن تێدا ئاماده‌بوون، باس له هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی زیاتری نێوان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرایه‌وه كه نوێنه‌رایه‌تی دوو ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی و جێبه‌جێكردن ده‌كه‌ن.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باسی رۆڵی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كرد له به‌رقه‌راركردنی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌لایه‌تی كه ئه‌ویش بێگومان به‌رێگه‌ی یاساسه‌روه‌ری ده‌كرێت و گوتیشی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌وه‌ته‌ی له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن جیا بۆته‌وه، هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌و خێرای ناوه بۆ سه‌روه‌ریی یاسا و توانیویانه سه‌ربه‌خۆیی یاسا به پراكتیك بپارێزن و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت هه‌نگاوی زیاتر له‌و بواره بنرێت.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی وته‌كانی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باس له به سیسته‌ماتیك كردنی ته‌واوی كایه یاسایی و ئیدارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه بێگومان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی به‌هێز و پته‌وی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتی پێویسته. به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی باسی له‌وه كرد كه ئه‌وه‌ی ئێستا له هه‌رێمی كوردستان ده‌بینرێت كارپێكردنی هه‌ندێ له یاساكانه كه ماوه‌یه‌كی زۆره ده‌رچوونه‌و پێویستیان به گۆڕانكاریی یان هه‌مواركردن هه‌یه به شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستا‌و ئه‌و گه‌شه‌كردنه خێرایه‌ی هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو بواره‌كان به‌دی هاتووه، بگونجێت. هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باسی كێشه‌ی زێده‌ڕۆییه‌كان كرد به تایبه‌ت زێده‌ڕۆییه كشتوكاڵیی و حكومیه‌كان كه ئه‌مه‌ش بۆته هۆی نیگه‌رانی و نانه‌وه‌ی كێشه‌و گرفتی جیاجیا، بۆیه له‌و بوارانه‌وه رۆڵی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وه‌ك نوێنه‌ری یه‌كه‌می كارپێكردنی یاساكان له هه‌رێم رۆڵێكی گرنگ و كاریگه‌ر ده‌بێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، به‌ڕێز دادوه‌ر ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا زوبێر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری سه‌ره‌ڕای به‌خێرهێنانی گه‌رمی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی یاوه‌ری، سوپاسی هه‌ڵسه‌نگاندنی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كرد سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری توانیویه‌تی ئه‌دایه‌كی باشی هه‌بێت له یاساسه‌روه‌ری و پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی یاسا و گوتی هه‌رچه‌نده ده‌سه‌لاته‌كان له‌یه‌كتر جیان و هیچ ده‌سه‌ڵاتیك نابێ فشار‌و ده‌ستێوه‌ردان یان كاریگه‌ری به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه هه‌بێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئه‌وه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوانیان نه‌بێت به تایبه‌ت كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته هاوبه‌شه‌كان، پێویستیی زۆر به هه‌ماهه‌نگیه‌كی پته‌و هه‌یه. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئه‌وه‌شی گوت كه هه‌رچه‌ند له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی دادوه‌ری و به تایبه‌ت له میدیاكان به شێوه‌ی جیاجیا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌دای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كرێت، به‌ڵام ئێستا به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو و هه‌روه‌ها هه‌ندێ وڵاتی دراوسێش، رۆڵی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی یاسا‌و یاساسه‌روه‌ری زۆر باشتره و هه‌نگاوی گرنگ و گه‌وره نراوه. سه‌باره‌ت به هه‌ماهه‌نگی نێوان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن، به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ی به بابه‌تێكی زۆر پێویست زانی به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به هه‌مواركردنه‌وه‌و پێداچوونه‌وه‌ی یاساكان و كێشه‌ی زێده‌ڕۆییه‌كان كه دادگاكان رۆڵی گرنگیان هه‌یه بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه و بۆیه بۆ نه‌هێشتنی كێشه‌كانی ئه‌و بواره، پێویستی به هه‌ماهه‌نگیه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن هه‌یه.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش باس له پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك كرا به شێوه‌یه‌ك نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری تیێدا به‌شدار بێت و وه‌ك لایه‌نی هه‌ماهه‌نگ كار له‌نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵات هه‌نگاو بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و كێشانه بنرێت. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گوتیشی، بێگومان بۆ پێداچوونه‌وه یان هه‌ڵوه‌شاندن و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكان له هه‌رێمی كوردستان پێویستی به بوونی لایه‌نی پسپۆڕی یاسایی هه‌یه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌توانرێ سوودێكی باش له كار‌و ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دادوه‌ره به‌ڕێزه‌كانی وه‌ربگیرێت بۆ داڕشتنی یاسای نوێ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكان و یارمه‌تیدانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكار كاتێك یاسا پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش میكانیزمێكی گونجاو بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێ كردن دابنرێت. له كۆتاییشدا هه‌ردوولایه‌ن ته‌ئكیدیان له به پراكتیك كردنی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات له داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌نگاو بنرێت به‌ره‌و به سیسته‌ماتیزه كردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌لاته‌كان و هه‌روه‌ها كۆی داوده‌زگاكانی هه‌رێم و گونجاندنیان له‌گه‌ڵ بارودۆخی تازه‌و سه‌رده‌میانه كه ئه‌مه‌ش پێویستیه‌كی هه‌نووكه‌ییه له هه‌رێمی كوردستان.
|