ئەمڕۆ بەڕیز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی و جێگران و ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەو سەرۆکی دادگاکانی تێهەلچوونەوەی هەرێم و دەرچووانی خولی چوارەمی پەیمانگەی دادوەریی کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای بەخێرهێنانەوەی گەرمیی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی و شاندی
دادوەرانی لەگەڵیدا کرد، لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە بوون بە دادوەر ئەرکێکی سەخت و بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لەو بەرپرسیارێتیەی هەڵیانبژاردووە. هەروەها سەرۆکی هەرێم گوتی سەروەریی یاسا و هەبوونی متمانە بە دەسەڵاتی دادوەریی بۆ کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی دنیا پێویستیەکی لەپێشینەو ژیانەیە، بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک کوردستان دەبێ زۆر لەپێش و گرنگ و پێویست بێت. سەرۆکی هەرێم باسی لە گرنگیی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی کردو گوتی: بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەریی یاساو دادپەروەری جێبەجێ بکات و جێی متمانە و پارێزەری مافی هەمووان بێت، دەبێ بە تەواوەتی بێلایەن و دادپەروەرانە، ئازادو سەربەخۆ بێت. سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە دا کە ئەرکی دادوەرە خۆی قبوڵی نەکات هیچ کەس و لایەن و دەسەڵاتێک هیچ شتێکی بەسەردا بسەپێنێت.
لە کۆتاییشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانی خۆی و دامەزراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی بۆ دەسەڵاتی دادوەریی دووپات کردەوەو هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.