لە رۆژی دووەمی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای سلێمانی و هەلەبجە، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان سەردانی دادگای تێهەلچوونەوەی ناوچەی سلێمانی و دادگای بەرایی شارباژێری کرد.
ئەمڕۆ 20/9/2023 بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری سەردانی دادگای تێهەلچوونەوەی ناوچەی سلێمانیان کردو لەلایەن بەڕێز دادوەر جاسم جەزا جافر سەرۆکی دادگاو جێگرانی سەرۆکی دادگای
تێهەلچوونەوەی سلێمانی پێشوازیی کران.
لەسەرەتادا سەرۆکی دادگای تێهەلچوونەوەی سلێمانی بەناوی تەواوی دادوەر و فەرمانبەرانی دادگا بەخێرهێنانی گەرمی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی و شاندی یاوەریان کرد. هەروەها سوپاسی کردن بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیەو بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پێشبردنی کاروباری دادگاکان و چارەسەرکردنی کێشەکان ناوبرد.
دواتر بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی رایگەیاند ئامانج لەو سەردان و بەسەرکردنەوانە ئاگاداربوونە لە رەوت و شێوازیی کاروباری دادگاکان و دڵنیابوون لەجێبەجێکردنی یاساکان و بەدیهێنانی دادپەروەری.
بەڕیز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن دووپاتی کردەوە کە کۆڵەکەی سەرەکی کاری ئەنجومەنی دادوەریی و دادگاکانی هەرێم پاراستنی سەربەخۆیی و چەسپاندنی یاساسەروەریی و دادپەروەرییە لهپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان و خاوەن ماف بەبێ جیاوازیی، جا هەر کەس و لایەن و لەهەر پلەو پۆستێکدا بێت.
دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی گوێی لە پێشنیازو داواکاریی دادوەر و بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی دادگای تێهەلچوونەوەی سلێمانی گرت. لەو داواکارییانەش زیادکردنی ژمارەی لێکۆڵەرانی دادوەریی و دابینکردنی فەرمانبەری پێویست بۆ بەشە جیاجیاکانی دادگا و هەروەها دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆ دادگا.
سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی رایگەیاند لە ئامانجەکانی ئەو سەردانە چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان و دابینکردنی پێداویستیەکانە، بۆیە بەپێی پلان و بەرنامەکانی ئەنجومەنی دادوەریی ئەو داواکارییانە دەخرێنەڕوو و چارەسەریی بەپەلەو گونجاویان بۆ دەدۆزرێتەوە.
دوا وێستگەی سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی بۆ پارێزگای سلێمانی، دادگای بەرایی شارباژێر بوو. دوای پێشوازیکردنی لەلایەن دادوەرو فەرمانبەرانی دادگا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری راسپاردەو ئامۆژگاریی پێویست بۆ راپەڕاندنی کاروباریان و پێداگیریی لە جێبەجێ کردنی یاساو پاراستنی سەربەخۆیی دادگاکان و بەدیهێنانی دادپەروەریی بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان، کردەوە.
دوای سەردانیکردنی بەش و ژوورەکانی دادگای شارباژێر، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی بەڵێنی دا بەپێی توانا پێداویستیە جیاجیاکانی دادگاکە بۆیان دابین بکرێت.