ئەمڕۆ 18/2/2024 شاندێکی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕیز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی و جێگرانی سەرۆک و ژمارەیەک ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و لەلایەن بەڕێز د. عەبدولەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی کران. لە دانیشتنێکدا گرنگیی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە بوارە یاساییەکان و بە ئامانجی بەهێزکردنی رۆڵی یاسا و دامودەزگا یاساییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کرا. سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی ئاماژەی بەوە دا کە کارکردنی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە تەواوی کایە جیاجیاکان لەچوارچێوەی دەستور هۆکارێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان و لەورووەشەوە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر هەنگاوێکی پێویست بەرەو چارەسەری یاسایی و دەستوریی کێشەو گرفتەکان. لای خۆیەوە سەرۆک کۆمار وێڕای بەخێرهێنانی شاندی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان تەئکیدی لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەچوارچێوەی دەستور کردەوە بەشێوەیەک لەخزمەت بەرژەوەندی گشتی و هاووڵاتیان و بە ئاراستەی چارەسەریی کێشەکان بێت