ئەمڕۆ 22/5/2024 بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بەشداری کرد لە کۆنفرانسی (حکومڕانی ئەلیکترۆنی- e-governance) کە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە شاری تارتۆ لە وڵاتی ئیستۆنیا بەڕێوە دەچێت.
هاوڕێ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی، بەڕێز دادوەر شوان محی الدین عەلی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی و بەڕێزان دادوەر خدر حەسەن محەمەد و دادوەر دارا
محەمەد ئیبراهیم، ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بەشدارن لەو کۆنفرانسەدا.
کۆنفرانسی (حوکمڕانی ئەلیکترۆنی) ساڵانە ساز دەکرێت و لە دەیەمین خولیدا بە بەشداری نوێنەرانی 67 وڵات و نزیکەی 850 کەس لە بەڕێوەبەر و نوێنەری کۆمپانیا جیاجیاکان لە بواری دیجیتالی و ئەلیکترۆنی، دەستی بە کارەکانی کرد و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
ئامانج لە سازکردنی کۆنفرانسەکەش دروستکردنی پردی پەیوەندییە لەنێوان وڵاتان و میکانیزمەکانی هاوکاریی نێوانیان بە مەبەستی بە ئەلیکترۆنی کردنی دامودەزگا فەرمیەکانی وڵاتان.
لەو چوارچێوەیەدا وڵاتی ئیستۆنیا بە یەکێک لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان لە بواری بە دیجیتاڵکردنی وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت دەژمێردرێت و لە زۆر وڵاتی جیهاندا پرۆژەی بە دیجیتاڵکردنی دامودەزگا فەرمیەکانیان جێبەجێ کردووە.
لە رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا چەند پانێلێکی جیاجیا سازکرا، کە تێیدا ژمارەیەک پسپۆڕ و کەسانی ئەکادیمی لە ئاستی باڵا بەشدارییان کرد و گرنگیی و بایەخی پرۆسەی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتاڵکردنیان خستەڕوو. هەروەها نوێنەری چەند وڵاتێکی ئەفریقی و ئەمریکای باشوریش بەشدارییان لە پانێلەکان کردو تێیدا باسیان له ئەزموونی وڵاتەکانیان کرد لە دەستپێکردنی پرۆسەی بەدیجیتاڵکردن و گرنگیی ئەو پرۆسەیە لە پێشخستنی کاروباری هاووڵاتیان و گەشەکردنی وڵاتەکانیان.
لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و شاندی لەگەڵدا چەند دیدارێکیان هەبوو لەگەڵ بەشداربوانی کۆنفرانسەکە وەک نوێنەری ئیستۆنیا لە یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکی بەشی بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگا فەرمیەکانی ئەو وڵاتەو چەندین کەسایەتی ئەکادیمی و شارەزا لەو بوارەدا.
لەو چاوپێکەوتنانەدا سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی پێداگیری خۆی بۆ هەنگاوەکانی بەئەلیکترۆنی کردنی ئەنجومەنی دادوەریی و دادگاکانی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە و رایگەیاند لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی باش لەو بوارەدا نراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام، پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە گرنگە دووپات کردۆتەوە و لە پلانیدایە کە تەواوی دامودەزگا فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان بکرێن بە ئەلیکترۆنی کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی گەشەکردنی وڵات و بە پلەی یەکەم لە خزمەت هاووڵاتیان و هەروەها پرۆسەی شەفافیەت و قۆناغەکانی چاکسازی ئیداریی دەبێت.