|
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم: رێوره‌سمی سوێندخواردنی 28 دادوه‌ری نوێ به‌ڕێوه‌چوو
20/01/2014
1503
جار خوێندراوه‌ته‌وه
له رێوره‌سمێكدا و به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، رێوره‌سمی سوێندخواردنی 28 دادوه‌ری نوێ به‌ڕێوه‌چوو.
دوای ئه‌وه‌ی له دوو تاقیكردنه‌وه‌ی به‌نووسین و زاره‌كی له چوارچێوه‌ی لێهاتوویی و پسپۆڕێتی بۆ دامه‌زراندنی دادوه‌ر له ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان، ناوی ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر ده‌رچوو، به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و پشت به‌ستن به فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره 163 له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ناوی 28 دادوه‌ری، راگه‌یاند و ئه‌مڕۆ به شێوه‌یه‌كی یاسایی سوێندی یاساییان به‌جێ گه‌یاند و دوای ئه‌و رێوره‌سمه‌ش له‌و شوێنانه‌ی كه بۆیان ده‌ستنیشان كراوه ده‌ست به كار ده‌بن.
له وته‌یه‌كدا، به‌ڕێز ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، وێرای پیرۆزبایی كردن له دادوه‌ره‌كان، پشتگیری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بۆ سه‌ركه‌وتن له ئه‌ركه نوێیه‌كه‌یان دووپات كرده‌وه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی دادوه‌ر له چوارچێوه‌یه‌كی زانستی و به پێی پێوه‌ری لێهاتوویی و پسپۆڕێتی ئه‌و كه‌سانه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئه‌نجامدراوه و بڕوای ته‌واویشی به توانا‌و لێهاتووی دادوه‌ره‌كان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كه‌یان كه ئه‌ویش چه‌سپاندنی یاسایه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به رۆڵی گرنگی دادوه‌ره‌كان دا بۆ چه‌سپاندنی هه‌رچی زیاتری یاسا وجێبه‌جێ كردنی یاساكان له هه‌رێمی كوردستان و گوتیشی بۆ ئه‌وه‌ی یاسا سه‌ربكه‌وێت و جێبه‌جێ بكرێت مه‌رجی سه‌ره‌كی بێ لایه‌نی دادوه‌ر و داموده‌زگا دادوه‌رییه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له هیچ هه‌وڵ و كۆششێك درێغی ناكات.
|